زمان و ئەدەب و کولتوری رەسەنی کوردی، ئەوەی کە تا ئێستاشی لە گەڵدابێ لە ناو کورددا بە زیندوویی ماوەتەوە و توانیویەتی گوشەیەک لە ژیانی کۆمەڵایەتی/ ئەدەبیی کورد پڕ بکاتەوە، بێگومان بە هۆی حەکایەت، چیرۆک و بەیتەکانەوە بووە.

ئەگەر چاوێک بە مێژووی سەدان ساڵەی کورددا بخشێنینەوە، ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە حەکایەتخوان و چیرۆکبێژان دەورێکی سەرەکییان گێراوە، هەم بۆ زیندوو راگرتنی زمان و ئەدەبی کوردی، هەمیش بۆ پێشگرتن لە لەناوچوونی مێژوو و خەباتی هەقخوازانەی گەلەکەمان.

شەرە قارەمانەکانی کور و کچانی ئەم نەتەوەیە لە ناو بەیت و حەیران، چیرۆک و حەکایەتەکاندا رەنگی داوەتەوە و مەردایەتی وغیرەتی کوردی زیاتر بە گوێی نەوەکانی ڕابردوو و هەنوکەدا چرپاندووە و لە راستی رووداوەکاندا وەخەبەری هێناونەوە. ئەو ژن و پیاوە بەیتبێژ و حەکایەتخوێنانە، کە بە درێژایی مێژوو وەک دەریایەکی پڕ لە پەند و نەسیحەت بوون بۆ نەوەکانی دوای خۆیان، توانیویانە هەقیقەتی کوردبوون و هەقانیەتی تێکۆشانی نەوەکانی پێشووترمان لە پێناو ئازادیدا فێری مندالان، گەنج و تەنانەت بە ساڵاچووانی کورد بکەن. ئەوان وەک قوتابخانەیەکی پڕ لە زانیاری، لە ناو کۆمەڵی کوردەواریدا رۆڵیان گێراوە ئەوان سەربردوی پیاو ژنە ئازاکانی کورد و کچ و کوڕە عاشقە بە مراد نەگەیشتووەکانی کوردیان لە ناو بەیت و حەکایەت و چیرۆکەکانی خۆیاندا دەگێڕایەوە و لە رووی کۆمەلایەتیشەوە دەستیان دەخستە سەر دیاردە دزیوەکان. بۆ نموونە دابران و بەیەک نەگەیشتنی دوو ئەوینداریان دەکردە هەوێنی ڕەخنە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانیان و زوڵم و زۆریی نەیارانی کورد  و جاهیلانی ناو کۆمەڵگای کوردیشیان بە گوێی خەڵکدا دەخویند، ئەوان بەو جۆرە دەیانەویست پێمان بڵێن کە نابێ کردەوەی نەشیاو و خراپ رێگایان پێ بدرێت.

لە سەدەکانی رابردوودا نەخوێندەواری تا رادەیەکی یەکجار زۆر باڵی بەسەر کۆمەڵگەی ئێمەدا کێشابوو، ئەو نەخوێندەوارییەش ببوو بەهۆی ئەوە کە زۆر دەرگا لە سەر زمان و ئەدەبی کوردی قەپات بکرێن و ئەو دوو سامانە نەتەوەییە بەرەو فەوتان بچن، بەڵام بەیتبێژ و چیرۆکخوێنەکانمان، لە رێگای گێرانەوەی چیرۆک و بەسەرهاتەکانەوە، کەوتنە بەربەرەکانی دەگەڵ هۆکارەکانی فەوتانی زمان وکولتووری کوردی. شەوانی ئاوەدانی بەر ئاگردان ببوون بە سەکۆی چیرۆکی قارەمانە نەتەوەییەکانمان و لە قالبی شێعر و بەیتی هونەرمەندانەدا، دیاردەکانی وەک هەژاری و نەداری، بێکەسیی کورد و زۆر شتی دیکەش دەهۆنرانەوە و لەو شەوانەدا بە گوێی نەوەکانی دواتردا دەچرپێنران تا ئەوانیش سینە بە سینە بیانگەیەننە ئێستامان. 

سەردەمانێکیش کە قوتابخانە و شوێنی فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵانی کورد لە کوردستان کرانەوە، ئەوانە بوونە شوێنی خزمەت کردن بە زمان و تۆرەی بێگانان و هیچ بایەخێکیان بۆ پاراستنی زمان و فەرهەنگی کوردی دانەدەنا ـ ئەوەتا تا ئێستاش، بەو جۆرەی کە پێویستە، مێژووی پڕ لە کەند و لەندی کورد بە دەستی خۆی نەنووسراوەتەوە و بێگانەکان ئەو ئەرکەیان لە جیاتی ئێمە ڕاپەڕاندووە، بەڵام بە کەیفی خۆیان قەزاوەتیان لە سەر مێژووەکەمان کردووە و بە مەیلی ئەڕبابەکانیان پێنووسیان گێراوە. ئەگەر تۆزقاڵێکیش ویژدان لە نووسینەوەی ئەو مێژووەدا دەکار کرابێ، ئەوە بە زمانە هەرێ بێگانەکان بووە و زۆرینەی کوردی لێ بێخەبەر بووە. ئەوەش وای کردبوو کە نەوەی نوێ نەتوانێ ئاگاداری رابردووی نەتەوەکەی و داب ونەریتی گەلەکەی خۆی و گەڵانی هاوسێی بێت. کەچی بەیتبێژ و حەکایەتخوێنەکانمان، کە ئەغڵەب نەخوێندەواریش بوون، توانیان ببنە قوتابخانەیەکی شاراوە و پڕ لە ئەزموون، هەم بۆ پاراستنی مێژوو و کولتووری کورد و هەمیش بۆ پێگەیاندنی وەچەی دوای خۆیان و ئامادە کردنیان بۆ راپەرین بە دژی زۆرداری و پێکەوەنانی ژیانێکی باشتر. ئەو نیمچە قوتابخانانەی کە لە کوردستاندا هاتبوونە ئاراوە، تەنیا زمانی فارسی وعەرەبییان تێدا دەخوێندرا هیچ، زمانی کوردیشی لەبەر چاوی کورد ناحەز دەکرد و دای دەشۆرد لە هەرچی بایەخی کولتوورییە. هەر بۆیە منداڵەکانی ئێمە، هەرچی زیاتر دەچوونە ناو ئەو فێرگانە و زیاتر زمانی بێگانە فێردەبوون، بەو ڕادەیەش لە زمان وئەدەبی کوردی دوور دەکەوتنەوە، بەڵام حەکایەتخوان، چیرۆکبێژ و حەیرانبێژان، بەو زمانە پاراو و کوردانەی خۆیان بەرنگاری ئەو شەپۆلە کولتوورییە دەبوونەوە کە لە لایەن دوژمنانی کوردەوە وەرێخرابوو.

لەخۆوە نییە کە مامۆستا عەلائەددینی سەجادی فەرمویەتی: "ئینکاری ناکرێ خوێندەواری چرای ژیانە، بەڵام لە لایەکیترەوە من هەست بە زیانێکی گەورە دەکەم. لەم رووەوە هەست بەوە دەکەم چوونکا خوێندەوارییەکە بە زمانی کوردی نییە، رەنگە هەتا سەدەی بیستەم بەسەر دەچێ قەومی کوردیش نەمێنێ."

دیارە ترسی مامۆستای زانا و بلیمەت لەوە بووە کە منداڵانی کورد، کاتێک بەشداریی لەم قوتابخانانەدا دەکەن، زۆر بە سانایی زمانی زگماکیی خۆیان لە بیر دەکەن و دەکەونە پێوشوێنی زمان وداب و نەریتی داگیرکەران و واز لە فەرهەنگ و تۆرەی خۆیان دێنن. ئەوەش لە درێژخایەندا و لە فەرهەنگی نەوەکانی دواتردا وردە وردە بەهێز دەبێ تا ئیدی وای لێدی کە کورد زمانەکەی خۆی لە دەست دەدات.هەر نەتەوەیەکیش کە زمانی خۆی لە دەست دا، ئەوە بێگومان بە تێپەڕینی زەمان بەرەو لەناوچوون دەچێ. لە ناو ئەو نەتەوانەدا کە لە ناوچەکەدا هاوسێی کورد بوون، زۆرێکیان فەوتاون یا خود لە حاڵی فەوتان دان، بەڵام جێگای شانازییە بۆ ئێمەی کورد کە توانیومانە بە هەر نرخێک بێت زمان و کولتووری خۆمان بپارێزین و رای گرین. هەرچەند بەداخەوە ئیستاش لە کوردستانی ژێر دەستەی ئێراندا (رۆژهەڵاتی کوردستان)، بۆ خەوشەدار کردن و شەقڵ شکاندنی خەرمانی زمانی کوردی، نەریتێکی ناشیرین بڵاو دەکەنەوە و گۆیا هەر کەس لە ئاخافتنی خۆیدا زۆرترین وشەی فارسی یان عەرەبی بکار بێنێت، ئەوە "باکلاسە" و بە پێچەوانەکەشی ئەگەر بە کوردییەکی خاوێن بدوێ "بێ کلاسە ". بۆیە هێندێک لە کوردە کوردی نەزانەکانمان مخابن گیرۆدەی ئەم شەپۆلە هاتوون و پێیان شەرمە زمانی پەتیی کوردی بەکار بێنن، تەنانەت جل و بەرگی کوردی لەبەر بکەن.

پاراستنی داب و نەریتە کولتوورییەکان ـ هەلووکێن و خەتخەتێن و جۆرابێن و ... ـ کە بە درێژایی مێژوو بەشێک بوون لە ژیانی شەو و رۆژانەی ئێمە و زۆر جاران بوونەتە سەرەتای شەوێکی پڕ لە بەیت و بالۆرە و حەکایەتی کۆن و نوێ، وردە وردە لەناو ئێمەدا نامۆ دەبن، نەریتی بەسەرکردنەوە و ڕا و ڕاوێژکردن دەگەڵ پیرەپیاو و پیرەژنانی بە ئەزموون و کۆنەکارانی رۆژگارمان، بەهۆی ئەم "باکلاس و بێکلاسە"وە، خەریکە دەبنە دیاردەیەکی دەگمەن کەچی هەر ئەوانەن کە توانیویانە سینگ بە سینگ فەرهەنگ، مێژوو و کەلەپووری ئێمە تا ئەو رۆژەی ئێستامان بێنن. ئەرکی سەر شانمانە کە بە پاراستنی ئەو دیاردانە و خوێندنەوەی نوێ بۆیان، خۆمان بۆ داهاتوو پڕچەکتر و پڕ دەستکەوتتر بکەین.